ڕاپۆرتی کارو چالاکی  ته‌شکیلاتی حدکا له نۆڕوێژ

ڕۆژی شه‌ممه ڕێکه‌وتی ٩/ ٦ / ٢٠١٨ ی زایینی به‌شی ته‌شکیلاتی کۆمیته‌ی گشتیی حدکا له نۆڕوێژ بۆ کاری ته‌شکیلاتی و ئه‌نجامی ئه‌رکی حیزبی، سه‌ردانی ناوچه‌ی بێرگێن له ڕۆژئاوای نۆڕوێژیان کرد و ده‌گه‌ڵ به‌شێکی به‌رچاو له ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب کۆبوونه‌وه.

ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ که به‌مه‌به‌ستی پێکهێنانی کۆمیته‌ ناوچه‌ پێکهاتبوو، به‌و شێوه درێژه‌ی به کاره‌کانی دا؛

پاش خوله‌کێک بێده‌نگی و ره‌سمیه‌ت دان به کۆبوونه‌وه‌که، له لایه‌ن خاڵه‌حه‌سه‌ن کانی سێوانی به نوێنه‌رایه‌تی ئه‌ندامانی ناوچه‌که، به‌خێرهاتنی شاندی ته‌شکیلاتی کۆمیته‌ی گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران له نۆڕوێژکرا و خۆشحاڵی زۆری خۆیان سه‌باره‌ت به‌و سه‌ردانه ده‌ربڕی. پاشان هیوا ئه‌حمه‌دی به‌رپرسی ته‌شکیلاتی حیزب له نۆڕوێژ، باسێکی کورتی سیاسی له سه‌ر بارودۆخی ناوچه‌ به گشتی و دۆخی حیزب به‌تایبه‌تی کرد و سرنجی به‌شدارانی ڕاکێشا. دواتر به‌ڕێز‌ قادر ره‌سووڵی ـ هاوکاری به‌شی ته‌شکیلات ـ به وردی سرنجی  به‌شدارانی بۆ هیندێک باس و بابه‌تی ته‌شکیلاتی له نۆڕوێژ ڕاکێشا که بوو به هۆی به‌رچاوڕوونی هه‌رچی زیاتری به‌شداران ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه. ئه‌وجار ئه‌ندامانی به‌شدار به بیروبۆچوون،تێبینی ، ره‌خنه و پێشنیار گڕوتینێکی تایبه‌یان به کۆبوونه‌وه‌که به‌خشی. له ئاکامدا له هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکڕاتیک، کۆمیته‌یه‌ک له سێ ئه‌ندامی ئه‌سلی و ئه‌ندامێکی جێگر به ده‌نگی نهێنی به‌شداربووان پێکهێندرا. ئه‌وه له حاڵێکدایه که ساڵانێک بوو له‌و ده‌ڤه‌ره نه‌ته‌نیا هه‌ر کۆمیته‌ ناوچه‌ی لێ نه‌مابوو، به‌ڵکه هیچ چالاکیه‌کی حیزبی و ته‌شکیلاتیشی لێ به‌ڕێوه نه‌ده‌‌چوو. به‌ڵام به سازمانده‌یی سه‌ر له‌نوێ و رێکخستنه‌وه‌ی دووباره‌ی کۆمیته‌ ناوچه‌که، گوڕ و تین و شادی و خۆشحاڵی  که‌وته ناو دڵی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب له‌و ناوچه‌‌یه و به‌تێگڕایی به‌ڵێنیان دا ئه‌رکه حیزبی و ته‌شکیلاتیه‌کان به‌و په‌ڕی توانا و لێهاتوویی ڕاپه‌ڕێنن.

بۆیه به‌شی ته‌شکیلات به نوێنه‌رایه‌تی کۆمیته‌ی گشتی حیزب له نۆڕوێژ سپاس و پێزانینی خۆی سه‌باره‌ت به حزووری چالاکانه‌ی ئه‌ندامانی به‌شدارله‌و کۆبوونه‌وه ده‌رده‌بڕێ و ئه‌و ئاماده بوونه ئه‌رێنی و به‌رز ده‌نرخێنێ. هاوکات سپاسی کاک هه‌رمان ماد ده‌کات که به ماڵ و ماشێنی خۆی ئه‌و دوو ڕۆژه له خزمه‌ت کاری ته‌شکیلاتی و حیزبیدا بووه. هه‌ر وه‌ها هیوا ده‌خوازێ ئه‌وانه‌ی به هۆی مه‌شغه‌ڵه‌ی کاریی و دووری ڕێگا و بێ‌ده‌ره‌تانی بۆیان نه‌کرا له‌و ڕۆژه‌دا به‌شداری کۆبوونه‌وه‌که‌ بن، له هه‌رده‌رفه‌تێکی مومکین بۆ هاوکاری و ئه‌نجامی ئه‌رکی حیزبی که‌ڵک وه‌رگرن و له کار و تێکۆشان و ئه‌کی حیزبی سڵ نه‌که‌ن. 

پاش ئه‌نجامی ئه‌و ئه‌رکه ته‌شکیلاتیه، شاندی ته‌شکیلاتی حیزب و ئه‌ندامانی کۆمیته ناوچه‌، سه‌ردانی چه‌ند‌ین ئه‌ندام و لایه‌نگر و که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆی ناوچه‌که‌یان کرد و له نیزیکه‌وه چاویان پێک که‌وت که ئه‌و دیدارانه بوون به مایه‌ی خۆشحاڵی ئه‌و به‌ڕێزانه و ئه‌وانیش سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئه‌و به‌سه‌ر کردنه‌وانه ده‌ربڕی. به‌ڵام به‌داخه‌وه له به‌ر که‌می کات نه‌کرا درێژه به‌ سه‌ردانه‌که بدرێ و شانازی سه‌ردانی باقی ئازیزانمان پێ‌ببڕێت. به‌ڵام درێژه‌ی ئه‌و سه‌ردانانه به ده‌رفه‌تێکی دیکه ده‌سپێرین. به‌و هیوایه

ده‌گه‌ڵ ڕێزی به‌شی ته‌شکیلاتی کۆمیته‌ی گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران له نۆڕوێژ

١٠ / ٦ / ٢٠١٨