داخستنی تەنگەی هورموز تەنیا ژێستێکە یان ڕاستی ؟

باسی داخستنی تەنگەی هورموز بابەتێکی نوێ نییە. یەکەم جار دوای شۆڕشی ئێران و لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا باسی داخستنی هاتە ئاراوە تا نەوتی عێراق یان ئەوە کۆمپانیانەی نەوتی عێراق دەکڕین نەتوانن کار بکەن بەڵام بۆیان نەکرا و هەر زوو سەریان نایەوە. لە کاتی سەرۆککۆماری ئەحمەدی نەژاد و لەگەڵ توندکردنی گەمارۆکان دیسان ئەم باسە گەرم بوویەوە و بەڵام وەکوو جاری پێشوو هیچیان پێ نەکرا و پاشگەز بوونەوە.
دوای چەند ساڵ حەسەن ڕۆحانی لە سویس ئەم باسە دەوروژێنێت و دەڵێت: ناکرێت نەوتی وڵاتانی کەنداو هەناردە بکرێت بەڵام نەوتی ئێران نەکرێت.
بەشێ لە لێکۆڵێنەران بەگرتنی تەنگەی هورموز لە لایەن ئێرانەوە وەریانگێڕاوە و ئەمریکاش بە ڕوونی گوتوویەتی گەر ئێران ئەم کارە بکات بە هێزی نیزامی پێشی پێ دەگرین.
ئەم گوتەی ڕۆحانیە لە ڕاستیدا قسەیەکی دوو لایە، و دیار نییە هەڕەشەیە یان تەنیا وڵامی پرسیارێکە بەڵام بۆ وڵاتانی خۆراوا و کەنداو بە مانای هەڕەشەیە.
قسەی بەرپرسانی ئێران وەکوو نەریتێکی هەمیشەیی دو لایە و بەپێی کات دەیگۆڕن و مەرج نییە هەر شتێک دەڵێن پیشاندەری ڕامیاری دەرەوەیان بێت.
شتێکە ڕوونە باسی داخستنی تەنگەی هورموز باسێکی سەربازیە نەوەک دیپلۆماتی و بۆ وڵامی پرسیارەکەمان دەبێت بزانین لە ڕووی هێزی سەربازیەوە توانای ئەم کارەی هەیە یان نا.
لێرەدا پێم باشە ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بەم تەنگەیە بدەم.
ئەم تەنگەیە لە رووی ستراتژیەوە پلەی یەکەمی جیهانی هەیە چونکی ۴۰٪ نەوتی خاوی جیهان لێرەوە هەناردەی بازاڕەکان دەکرێت جگە لە سعوودیا وڵاتانی دیکەی کەنداو تاکە ڕێگای هەناردنی نەوتیانە. لەگەڵ داخستنی نرخی نەوت بە خێرایی بەرز دەبێتەوە و تا ۳۰۰ دولار بۆ هەر بەرمیلێک دەچێت و بەم جۆرە شۆکێکی زۆر مەزن بە ئابووری وڵاتانی بەکارهێنەری نەوت وارد دەبێ هەر بۆیە زۆر بەخێرایی چین کە یەکێ لە گەورەترین کڕیارانی نەوتی ئێران و وڵاتانی کەنداوە، کاردانەوەی هەبوو و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە داوای لە ئێران کرد لەگەڵ وڵاتی کەنداو ڕێگای ئاشتی و ئارامی بگرێتە پێش.
بەگشتی ئێران دوو کارتی گوشاری بۆ سەر خۆراوا هەیە کە بریتیە لە نەوت و نفووزی لە وڵاتانی شێعە مەزهەبدا.
بە سەرکەوتنی ڕەوتی سەدر و پارتە دژبەرەکانی دەکەی ئێران، چیدی پێگەی خۆی نەماوە و لە ڕۆژی ۲۳ی ژوەندا سعوودیا و ڕووسیا بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردنی نەوتی ئۆپێکیان بۆ یەک ملوێن بەرمیل دەرکرد بەڵام ئەمریکا بەخێرایی داوای بەرزکردنەوەی تا دوو ملوێن بەرمیل و دابەزاندنی نرخی نەوتی کرد تا بۆشایی نەوتی ئێران پڕ ببێتەوە و وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران ئیدی بۆانوێکیان بۆ سەرپێچی لە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نەبێت و ڕێژەی هەناردنی ئێران بە سیفر بگەیەنن.
کاربەدەستانی ئێرانی چاک هەستیان بە لەرزینی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی خۆیان کردوە بۆیە هەر جارێ بە شێوەیەک دەیانەوێ پێش بەم گەمارۆ نوێیانە بگرن و سەفەری ڕۆحانی بۆ ئورووپا و سەردانی بۆ سویس وەکوو پارێزەری بەرژەوەندیەکانی ئێران لە ئەمریکا و بەپێچەوانەوە، ئەو پەیامەی بۆ ئەمریکا ناردوە کە دەیەوێ وەکوو کۆریای باکوور ڕاستەوخۆ بدوێت و لە گوتەکانی ئەم دوایانەی خامنەییشدا ئەم بابەتە بە ڕوونی دەرکەوتووە و هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورموز تەنیا ژێستێکی ڕامیاری و لە واقیعدا بۆیان ناکرێت، بەم هۆیانەی خوارەوە:
۱) لە ڕووی نیزامییەوە ئەمریکا، ئینگلیز و فەڕانسە لە وڵاتانی کەنداودا هێزی سەربازی و بنکەیان هەیە و لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەکی ئێران زۆر بە توندی خێرایی وڵامی دەدەنەوە.
۲) وڵاتانی کەنداو جگە لە قەتەر، ماوەی حەوت ساڵە لە یەمەن دژ بە حووسیەکانی هاوپەیمانی ئێران شەڕ دەکەن و خەرجی زۆریان کردوە و خۆشیان وەک و پێداویستی سەربازی زۆریان کڕیوە.
۳) لە دوو هۆی سەرەوە گرینگتر ئەمەیە ئێران لە ڕووی چەکی نیزامی وەکوو فڕۆکە و کەشتی زۆر لاوازە و تەنیا چەند مووشەکی دوورمەودای هەیە و توانای ڕەدیابی و کوتانی پەدافەندی هەوایی لایەنی بەرامبەری نییە.
کەواتە دەبێ بڵێین هەڕەشەی گرتنی تەنگەی هورموز تەنیا پەلەقاژەیەکە بۆ خۆ گرینگ پیشان دان و لە هیچ ڕوێکی واقعی نییە و هەموو دەزگای دیپلۆماتی ئێران کەوتوونەتە تەقەلا بۆ ڕازی کردنی ئەمریکا و خامنەیی کە گوتووبێژی لەگەڵ ئەمریکای پێ حەرام بوو وەکوو یەرجام گڵۆپی سەوزی بۆ ڕۆحانی هەڵکردوە تا بە هەر جۆرێک دەبێ حکوومەتی کۆماری سێدارە بپارێزن.

نووسین: ئاسۆ ڕوانسەری