به‌ڕێوه‌چوونی سمیناری ٢٢ی پووشپه‌ر ساڵرۆژی ترۆری دوکتۆر قاسملوو

رۆژی شه‌ممه رێکه‌وتی ١٤ی٧ی٢٠١٨ کومیته‌ی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له نۆروێژ به بۆنه‌ی ٢٢ی پووشپه‌ڕ، ساڵرۆژی ترۆری دوکتۆر قاسملوو و هاورێیانی له وییه‌ن به‌ ده‌ستی ترۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران، سمینارێکی سیاسیه‌یان بۆ به‌ڕێزان عه‌بدولا حیجاب و عیرفان ره‌هنموون پێکهێنا.

له سه‌ره‌تای سمیناره‌که هاورێ کاک حه‌سه‌ن ئاهه‌نگه‌ری به‌رێوه‌به‌ری سمیناره‌که به‌خێرهاتنی به‌شداربووانی کرد و دواتر به سرودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ره‌قیب له لایه‌ن کۆری سروودی کۆمیته و خوله‌کێک بێ ده‌نگی بۆ ڕێز گرتن له شه‌هیدانی کوردستان به تایبه‌ت ئاخرین شه‌هیدی حیزب شه‌هید سامان شیوه‌سه‌ڵی ده‌ستی پێکرد  و هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه په‌یامی کومیته‌ی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له نۆورێژ له‌لایه‌ن هاورێ خۆشکه شه‌هلا یار، سه‌رپه‌رستی کومیته‌ خوێندرایه‌وه.

سمیناره‌که به سرودی ئه‌ی شه‌هیدان به‌رده‌وام بوو و دواتر هاورێ کاک عیرفان ره‌هنموون باسێکی له‌‌سه‌ر که‌سایه‌تی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی شه‌هید دوکتور قاسملوو پێشكێش کرد که له به‌شێک له باسه‌که‌دا ئاماژه‌ی به بیری قوڵی نه‌ته‌وایه‌تی و نه‌ته‌وه‌دۆستی دوکتۆر قاسملوو کرد که به گرینگیدان به پرسی نه‌‌ته‌وایه‌تی و ڕێبازی کۆماری کوردستان، ڕه‌وتی چه‌پی ئۆرتۆدۆکس نه‌یتوانی کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئیراده‌ی سیاسی دوکتۆر قاسملوو هه‌بێ . به‌پێجه‌وانه‌ دوکتۆر قاسملوو هه‌میشه هه‌وڵی داوه خه‌تی فکری خۆی له‌و ڕه‌وته فکرییه که فه‌زای ئه‌وکاتی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به گشتی و کوردستان به‌تایبه‌تی داگیر کردبوو، جیا کاته‌وه. 

دوای پشوویه‌کی کورت و لاوانه‌وه‌یه‌کی کورت له لایه‌ن هاوڕێ قادر ئه‌لیاسی ، کاک عه‌بدولا حیجاب باسێکی له‌سه‌ر که‌سایه‌تی و رۆلی دوکتور قاسملو له گۆره‌پانی سیاسی کوردستان و ناوچه‌که و هه‌روه‌ها نێوده‌وله‌تیدا کرد. به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌و خاڵه گرینه له هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌کانی دوکتۆر قاسملوو دا که خه‌باتی چه‌کداری دژ به حکوومه‌تێکی دیکتاتۆڕ و سه‌ره‌ڕۆی وه‌ک ئێران  له دانیشتنه‌کانی خۆی به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ حیزبی سۆسیالیستی فه‌ڕانسه و کۆنگره‌ی ئه‌نترناسیۆناڵ سۆسیالیست  ‌دوور له کاری تیرۆریستی و تووندوتیژی به ڕه‌وا و مه‌شروع پێناسه کردووه و له‌و بواره‌وه قه‌ناعه‌تی به بیروڕای گشتی ڕۆژئاواییه‌کان هێناوه.

له به‌شی کۆتایی سمیناره‌که شێعرێکی کورت له لایه‌ هاورێ کاک مه‌جید یارحوسێنی ،په‌خشانێک له‌ لایه‌ن هاورێیان ره‌فیق مه‌حمه‌دیان و سمکۆ بێکه‌س پێشکه‌ش به‌شداران کرا و چه‌پکه گولی سپاس و پێزانین له لایه‌ن شه‌هلا یار ـ سه‌رپه‌رستی کۆمیته‌ی گشتی حیزب له نۆڕوێژ ـ پێشکێش به کۆرگێره‌کان کرا. 

بۆ بینینی وێنەکان تکایە کرتەی ئەم لینکە بکەن