سمیناری ساڵیادی شەهیدانی میکۆنۆس بەڕێوە چوو

راپۆرتی به‌ڕێوه‌چوونی سمیناری ساڵیادی ترۆری شه‌هیدانی میکۆنووس
رۆژی شه‌ممه رێکه‌وتی ٢٢ی ٩ی ٢٠١٨ بۆ یاد و بیره‌وه‌ری شه‌هید دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی و هاورێیانی ،سمینارێک له لایه‌ن شانه‌ی ناوچه‌ی هۆنه‌فووس و به هاوکاری کومیته‌ی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له نۆروێژ به‌م شێوه به‌ڕێوه‌ چوو؛
سمیناره‌که له کاتژمێر ١ پاش نیوه‌رۆ به به‌خێرهێنانی به‌شدارانی سمینار له‌لایه‌ن کاک وه‌فا مسته‌فاپوور ، داواتر سرودی نه‌ته‌وایه‌تی ” ئه‌ی‌ره‌قیب “له لایه‌ن کۆڕی سرودی لاوانی شانه‌‌ی هۆنه‌فووس و خوله‌کێک بێ‌ده‌نگی ده‌ستی پێکرد.
دواتر په‌یامی کومیته‌ی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به بۆنه‌ی ترۆری ناجوانمێرانه‌ی سکرتێری گشتی ئه‌و‌کاتی حیزب ـ دوکتور ساده‌قی شه‌ره‌فکه‌ندی و هاورێیان کاک فه‌تاحی عه‌بدوولی، هومایونی ئه‌رده‌ڵان و نوری دێهکوردی ـ له لایه‌ن کاک هیوا ئه‌حمه‌دی به‌رپرسی ته‌شکیلاتی حیزب له نۆروێژ، پێشکه‌ش به ئاماده‌بوان کرا.
دوای په‌یامی کومیته‌، کۆڕی سرودی یه‌کێتی لاوان سرودی ئه‌ی شه‌هیدانیان پێشکه‌ش کرد. هه‌روه‌ها کورته فیلمێک له سه‌ر ژیاننامه‌ی کاک دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی له لایه‌ن به‌شی راگه‌یاندنی کومیته نیشاندرا.
له به‌شی یه‌که‌می سمیناره‌که ،کاک کامران ته‌یمووری باسێکی له سه‌ر که‌سایه‌تی و ڕۆڵی شه‌هیدان کاک دوکتور قاسملو و دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی پێشکه‌ش به ئاماده‌بوان کرد که له به‌شێک که باسه‌که‌یدا رۆڵی کاریگه‌ری رێبه‌رانی هه‌میشه زیندوو دوکتور قاسملو و دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی له بواره‌کانی سیاسی و دیپلۆماسی خسته به‌رباس.
دوای باسه‌که‌ی کاک کامران، کاک سمکۆ بێکه‌س شێعرێکی پێشکه‌ش به به‌شدارانی سمیناره‌کرد.
له به‌شی دووهه‌م و دوای پشوویه‌کی کورت ،سمیناره‌که به شێعرێک له لایه‌ن کاک لوقمان قاسمی و سروودی شه‌هید گولی چیای به‌رزه له‌لایه‌ن موژده چاوشینی ده‌ستی پێکرده‌وه.
کاک سولیمان ئه‌حمه‌دنیژاد چه‌ند تایبه‌تمه‌ندی و بیره‌وه‌ری له‌گه‌ڵ شه‌هیدی رێبه‌ر کاک سه‌عید شه‌ره‌فکه‌ندی باس کرد و کورته شێعرێکی درێژه‌ی باسه‌که‌ی به کاک مه‌نسوور عه‌زیزی ئه‌سپارد که بڕگه‌ی کۆتایی سیمیناره‌که‌ بوو.
کاک مه‌نسوور عه‌زیزی باسێکی به پێز و پرناوه‌رۆکی له سه‌ر ژیان و که‌سایه‌تی د. سه‌عید وه‌ک ژیانی منداڵی، ده‌وره‌ی خوێندکاری، سیاسی، نه‌ته‌وه‌ی و هتد… پێشکه‌ش به به‌شداربوان کرد که سرنجی به‌شدارانی ڕاکێشا.
دوای باسه‌که‌ی کاک مه‌نسوور ،وه‌ک ده‌ست خۆشی و ماندوونه‌بوونی له هاورێیانی کۆرگێر چه‌پکه گوڵی رێز پێشکه‌ش به کۆرگێره‌کان کرا.
شایان باسه که شاندی لێژنه‌ی پارتی دێموکراتی کوردستان ،وێرای به‌شداری، چه‌پکه گوڵی رێز و وه‌فاداریان بۆ شه‌هیدانی میکۆنۆس پێشکه‌ش به کۆمیته‌ی حیزب له نۆڕوێژ کرد.
به‌شێ ڕاگه‌یاندنی کۆمیته‌ی گشتی حدکا له نۆڕوێژ
٢٢ /٩ / ٢٠١٨

وێنه‌ی زیاتر