سمیناری ته‌شکیلاتی له نۆروێژ به‌ڕێوه چوو

رۆژی شه‌ممه ڕێکه‌وتی ٦ / ١٠ / ٢٠١٨ی زایینی کۆمیته‌ی گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران له نۆڕوێژ سمینارێکی ته‌شکیلاتی به به‌شداری لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ـ هاورێی تێکۆشه‌ر به‌ڕێز کاک مسته‌فای هیجری ـ بۆ ئه‌ندامانی حیزب له‌و وڵاته به‌ڕێوه برد.

سمیناره‌که به سرودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیب و خوله‌کێک بێ‌ده‌نگی بۆ ڕێز گرتن له گیانی پاکی شه‌هیدان ده‌ستی پێکرد.

دواتر کاک هیوا ئه‌حمه‌دی به‌رپرسی ته‌شکیلاتی کومیته‌ی گشتی حیزب له نۆروێژ  بەنوێنەرایەتی سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لەو وڵاتە به‌خێرهێنانی به‌ڕێز کاک مسته‌فا هیجری لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کاک کاوه عه‌بداڵی به‌رپرسی رێکخستنی گشتی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات کرد.

پاشان هاورێی تێکۆشه‌ر کاک مسته‌فای هیجری باسێکی گشتی سه‌باره‌ت به دۆخی ناله‌باری ئێران له ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا و هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌وه گه‌شه‌ی زیاتری خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی هێزه‌ سیاسیه‌کان و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان وه‌ک هاوخه‌باتی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه به‌ناوی خه‌باتی شاخ و شار، پێشکێشی به‌شدارانی ئه‌و سمیناره‌ کرد.

به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به ڕۆڵی ئه‌رێنی ڕاسان و پێویستیی بوونی پێشمه‌رگه له ناو خه‌ڵکی خۆیاندا کرد و هاوخه‌باتی و هاوکاری خه‌ڵکی کوردستان ده‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه له شكڵی خه‌باتی شاردا به‌رز نرخاند.

دوایی پشووێکی کورت و چاوپێکه‌وتی هاورێیانی به‌شداری سمینار له‌گه‌ڵ لێپرسراوی گشتی ،کاک مسته‌فا هیجری ،به‌شدارانی ئاماده‌بوو له سمیناره‌که‌دا ره‌خنه، پێشنیار و راوچوونی خۆیان خسته به‌رباس.

داوینی به‌شی سمیناره به‌ وه‌ڵام دانه‌وه به سرنج و پرسیاری ئاماده‌بووان ،به‌ڕێزیان له به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا قورسایی خسته سه‌ر باسی سیستم و ساختاری تازه‌ی حیزب ـ په‌سندکراوی کۆنگره‌ی شازده‌ ـ و به سیستمێکی وڵامده‌ر بۆ قۆناخی ئه‌مرۆی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی حیزبه‌که‌مان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌سف کرد و گه‌شبین و واقیع‌بینانه له ئێستا و داهاتووی ئه‌و شێوه خه‌بات و تێکۆشانه‌ بۆ به‌شداران دوا.

کۆمیته‌ی گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران له نۆڕوێژ

٧/١٠/٢٠١٨