چالاکی ته‌شکیلاتی

له درێژه‌ی کار و چالاکیه‌کانی ته‌شکیلاتیی کۆمیته‌ی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له نۆروێژ، رۆژی یه‌کشه‌ممه رێکه‌وتی ٢١ / ١٠ / ٢٠١٨ هه‌یئه‌تێکی کۆمیته‌ی گشتی حیزب له‌م وڵاته، به به‌شداری کاک هیوا ئه‌حمه‌دی ـ به‌رپرسی ته‌شکیلات ـ  و کاک قادر عه‌زیزبیگی ـ به‌رپرسی ڕاگه‌یاندن‌ـ به‌مه‌به‌ستی ته‌رمیمی کۆمیته ناوچه‌ و کاری ته‌شکیلاتی، سه‌ردانی کۆمیته‌ ناوچه‌ی کریستیانساند له باشووری نۆروێژیان کرد و به هاوکاری کۆمیته ناوچه، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ته‌شکیلاتیان له‌گه‌ڵ به‌شێکی به‌رچاو له ئه‌ندامانی حیزبی له‌و ناوچه‌یه پێکهێنا.

 له‌و کۆبوونه‌وه‌دا له‌لایه‌ن شاندی ناوبراو باسی دوایین ئاڵوگۆڕه‌کانی ته‌شکیلاتی و حیزبی کرا و هاوپێوه‌ندی نێوان کۆمیته ناوچه‌کان و کۆمیته‌ی گشتی به ئه‌رکێکی گرینگی ته‌شکیلاتی و پێویست وه‌سف کرد .

ئه‌وجار پاش خستنه ڕووی ڕاو و بۆچوون، ره‌خنه و پێشنیاری حیزبی و ته‌شکیلاتی له لایه‌ن ئه‌ندامانی به‌شدار، و هه‌ر وه‌ها وڵامی پرسیاره‌کان له لایه‌ن ئه‌ندامانی به‌رێوه‌به‌ریی کۆمیته ناوچه و شاندی کۆمیته‌ی وڵات، یه‌کێک له ئه‌ندامانی به‌شدار بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی کۆمیته ناوچه هه‌ڵبژێردرا که پێشتر یه‌کێک له ئه‌ندامانی ده‌سته‌‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی به هۆی کۆچ کردن له ناوچه‌که، له به‌ڕێوه‌به‌ریی کۆمیته‌ ناوچه‌دا نه‌مابوو.

 هه‌روه‌ها ڕۆژی دواتر واته ڕۆژی دووشه‌ممه ڕێکه‌وتی ٢٢ / ١٠ / ٢٠١٨ هه‌یئه‌تی ناوبراو له درێژه‌ی ئه‌و گه‌شته ته‌شکیلاتیه‌دا، سه‌ردانی که‌مپی په‌نابه‌ران له ده‌ڤه‌ری لونده‌’ی کرد و له نیزیکه‌وه چاوی به ئه‌ندام و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید ره‌حیم گه‌رگوولی که‌وت . جێگای ئاماژه‌یه که به‌ناوی کۆمیته‌ی گشتی، بۆ هه‌رچه‌شنه هاوکارییه‌‌ک له چوارچێوه‌ی ئه‌رک و ده‌سته‌ڵاتی کۆمیته‌دا، ئاماده‌گی ڕاگه‌یه‌ندرا که ئه‌و سه‌ردانه ده‌گه‌ڵ پێشوازی گه‌رم و خۆشحاڵی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه رووبه‌روو بوو.

هه‌روه‌ها شاندی ناوبراو له دوا نیوه‌ڕۆی هه‌مان رۆژدا  پاش ئه‌وه‌ی که له شاری هۆرتێن، به‌مه‌به‌ستێکی تایبه‌ت سه‌‌ردانی بنه‌ماڵه‌یه‌کی تازه‌ هاتووی‌ حیزبی له‌و ناوچه‌یه کرد، کۆتایی به گه‌شتی دووڕۆژه‌ی ته‌شکیلاتی خۆی هێنا.

به‌شی ته‌شکیلاتی کۆمیته‌ی گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران له نۆڕوێژ

٢٢ / ١٠ / ٢٠١٨ ی زایینی