دیدار و چاوپێکه‌وتن

ئێواره‌ی رۆژی پێنج‌شه‌ممه رێکه‌وتی ١٥/ ١١ / ٢٠١٨ شاندێکی کۆمیته‌ی گشتی و کۆمیته ناوچه‌ی ئۆستفۆڵدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران که بریتی بوون له هاوڕێیان هیوا ئه‌حمه‌دی و قادر عه‌زیزبێگی ( ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی وڵات) و حه‌سه‌ن عه‌لی‌پوور( ئه‌ندامی به‌رێوه‌به‌ریی کۆمیته ناوچه‌ی ئۆستفۆڵد)، سه‌ردانی کۆمیته‌ی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران له نۆروێژیان کرد و له لایه‌ن شاندی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران که بریتی بوون له کاک مه‌حموود یووسو‌فی، کاک عومه‌ر که‌ریمی و خوشکه ئاره‌زوو به‌هرامی، پێشوازیی گه‌رمیان لێکرا.
له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، کۆمه‌ڵێک باس و بابه‌تی پێوه‌ندیدار به کار و چالاکی حیزبی و ته‌شکیلاتی و هه‌روه‌ها جۆری پێوه‌ندی و کاری هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردووک کۆمیته‌ی‌ حیزب و کۆمیته‌ی سازمانی خه‌بات له‌و‌ وڵاته هاتنه به‌رباس و تاوتوێ کران.
له درێژه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌دا له سه‌ر کۆمه‌ڵێک باس و بابه‌تی پێوه‌ندیدار به ئوپۆزسیۆنی ئێرانی و ته‌نانه‌ت پێوه‌ندی و هاوکاری له نێوان هێز و لایه‌نه سیاسیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنی یه‌کگرتوویی ئه‌وان له نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا ، قسه و گفتوگۆ کرا.
له کۆتاییدا هه‌ردووکلا خۆشحاڵی خۆیان له‌و سه‌ردانه ده‌بڕێ و هیوایان خواست، پێوه‌ندی گه‌رم و دوولایه‌نه‌ له نێوانیاندا بپارێزرێ و یه‌کگرتوویی و هاوخه‌باتی له نێو هێزه کوردییه‌کاندا به کرده‌وه مانا بکرێته‌وه.
ده‌گه‌ڵ ڕێزی کۆمیته‌ی گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران له نۆڕوێژ
١٥ / ١١ / ٢٠١٨ ی زایینی