بەشداریی شاندێکی حیزب لە وڵاتی نورویژ لە سمینارێکی سیاسی کە بۆ سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پێکهاتبوو

رۆژی شەممە رێکەوتی ١ی١٢ی٢٠١٨ی زایینی، بە دوای بانگهێشتی فەرمیی کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە وڵاتی نورویژ، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی بەڕێز کامیل قادری بەرپرسی بەشی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لەو وڵاتە، بەشداربوون لە سمینارێکی سیاسی کە لە لایەن کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەوە  لە نورویژ،لە ناوچەی “ستروێمن”  بۆ بەڕێز عەبدوڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە، پێکهاتبوو.

بەڕێز موهتەدی لە باسەکەیدا پەرژایە سەر بزووتنەوەی جەماوەریی دژ بە رێژیم کە نزیک بە ساڵێکە سەریهەڵداوە و لە یەکەم سەرهەڵدانیدا  بە شێوەیەکی گشتگیر زیاتر لە سەد شار و شارۆچکەی لە خۆ گرت.

ناوبراو هەروەها چووە سەر باسی ئەگەرەکانی ئاڵوگۆڕ و لایەنەکانی ئوپوزسیۆنی ئێرانی و چۆنیەتی هەوڵدان بۆ ئەوەی کورد بتوانێ لە هەموو مەیدانەکاندا خۆی ببینێتەو خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بکات.

بەڕێز موهتەدی بە وردی چووە سەر باسی کوردستان و خاڵە لاواز و بەهیزەکانی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵێک خاڵی پێشنیاریشی ئاماژە پێدا.

باسی نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی چوارچێوەی جوغرافیای سیاسیی ئێران، پێوەندییەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات، خۆشبینی بە داهاتووی رووداوەکان لەئەگەری وریابوون و یەکگرتوبوونی کورد کۆمەڵێکی دیکە لەو خاڵانە بوون کە رێزدار موهتەدی قامکی لەسەر دانان.

شایانی باسە لەو دەرفەتەی کە دیاریکرابوو بۆ بەشداریی ئامادەبووانی  سمینارەکە لە باسەکاندا، شاندی حیزبیش بۆچوونەکانی خۆی بە کورتی پێشکەش بە کۆڕەکە کرد.

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی نورویژ

١ی١٢ی٢٠١٨ی زایینی