کار و چالاکی کۆمیته‌ی وڵات


ڕۆژی هه‌ینی ٧ / ١٢ / ٢٠١٨ی زایینی هه‌یئه‌تێکی کۆمیته‌ی گشتی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران له نۆڕوێژ که پێکهاتبوون له به‌ڕێزان؛ کاک قادر ره‌سووڵی، کاک سه‌یید ره‌سووڵ ئه‌حمه‌دی و کاک سه‌عید گوڵێ، به نوێنه‌رایه‌تی ته‌شکیلاتی حیزب له نۆڕوێژ، له رێوره‌سمی پرسه و به خاک سپاردنی تێکۆشه‌ری دیرینی حیزبه‌که‌مان، کۆچکردوو کاک که‌ریم حه‌دداد به‌شداریان کرد . 

له کاتی به‌خاک سپاردنی ناوبراودا، وه‌ک دوایین ماڵاوایی، کاک سه‌عید گوڵێ ، به‌ناوی کۆمیته‌ی گشتی نۆڕوێژ، چه‌پکه گوڵی ڕێز و وه‌فای له سه‌ر گڵکۆی کاک که‌ریم حه‌دداد دانا و پاشان له درێژه‌ی مه‌راسمه‌که‌دا و له ساڵۆنی سه‌ره‌خۆشی، به‌ڕێز کاک سه‌یید ڕه‌سووڵ ئه‌حمه‌دی، په‌یامی کۆمیته‌ی حیزب له نۆڕوێژی خوێنده‌وه که به‌و بۆنه‌وه ئاماده کرابوو.

شایانی باسه که به‌یانی هه‌مان ڕۆژ واته رۆژی هه‌ینی ڕێکه‌وتی ٧ / ١٢ / ٢٠١٨ کاتژمێر ١٠ی سه‌ر له به‌یانی، کۆڕی ڕێزلێنان له که‌م‌ئه‌ندامی حیزب و گه‌له‌که‌مان ، به‌ڕێز و تێکۆشه‌ر مامۆستا مه‌لا حه‌سه‌ن شیوه‌سه‌ڵێ،که له لایه‌ن کۆمیته‌ی گشتی سوئێد به‌بۆنه‌ی ١٦ی ئازه‌ر ـ ڕۆژی ڕێزگرتن له که‌م‌ئه‌ندامان ـ به‌ڕێوه‌چوو،له لایه‌ن شاندی کۆمیته‌ی گشتی حدکا له نۆڕوێژ،چه‌پکه‌ گوڵی ڕێزلینان به خوشکه کولسووم ـ هاوسه‌ری مامۆستا مه‌لا حه‌سه‌ن شێوه‌سه‌ڵی ـ درا و به‌مجۆره ده‌ستخۆشی له زه‌حمه‌ت و وه‌فاداریی ئه‌و ژنه وه‌فاداره کرا.

جێگای ئاماژه‌یه له‌و مه‌راسمه‌دا، یه‌کێتی کوردانی سوئێد له وێسترۆس، وه‌ک سپاس و پیزانین، وێنه‌ی پێشه‌وا قازی و مه‌لا مسته‌فا بارزانی پێشکیش به وه‌ڤدی کۆمیته‌ی حیزب له نۆڕوێژ کرد. 

ده‌گه‌ڵ ڕێزی

کۆمیته‌ی گشتی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران له نۆڕوێژ

٨ / ١٢ / ٢٠١٨